ەمڕۆ 22 ساڵ بەسەر تیرۆر كردنی رەئوف ئاكرەیی دا كە لە بادینان ئەنجامدرا تێدەپەرێ , تا ئیستاش لێكۆڵینەوە لەو دۆسیە نەکراوە و تاوانبارانی تیرۆرکردنی ئاشکرا بکرایت و سزا بدرێن.

دوای ڕاپەڕین  مێژووی تیرۆری سیاسیی دژ بە دەنگە تێكۆشەر و ئازادیخوازەكان دەستپێدەكات، لە ساڵی ١٩٩٣دا زنجیرەیەك تیرۆری سیاسی لەناوچەی بادینانی باشوری كوردستان ڕوویدا، كە یەكێك لەوانە، تیرۆری رەئوف ئاكرەیی بوو.

رەئوف ئاكرەیی ئەگەرچی بەرپرسی یەكەمی رێكخراوی تێكۆشانی رەنجدەرانی كوردستان بوو، یەكێكیش بوو لە رۆشنبیر و سیاسەتمەدار و رۆژنامەنوسە بەتواناكانی بادینان و سەرنوسەری ڕۆژنامەی ڕێگای رەنجدەران بوو.

رەئوف تا ساڵی ١٩٧٤ لە یەكێتی قوتابیانی پەدەكەدا كاری كردوە و یەكێك لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوبەری بووە. ساڵی ١٩٧٣ لەگەڵ شەهید ئارام وەكوو شاندی لاوانی كوردستان چوونەتە ئەڵمانیا. پاشان تا ساڵی ٨٤ سەرپەرشتیی ڕێكخستنەكانی یەكێتی بە گشتی و كۆمەڵەی بەتایبەتی كردووە لە بادینان، بەڵام درێژەكێشان و شێوازی گفتۆگۆ لەگەڵ رژێم لە ڕێكەوتنەكەی ١٩٨٣ی یەكێتی و ڕژێمی عێراق، بووە هۆی هەڵوێست وەرگرتنی بەرامبەر یەكێتی و دروستكردنی رێكخراوی تێكۆشانی رەنجدەرانی كوردستان لەگەڵ هەڤاڵانیدا.
لە ساڵی ١٩٩٣ شەپۆلێك لە تیرۆری سیاسی، ناوچەی دهۆكی باشوری كوردستانی گرتەوە. یەكێك لەو كەسایەتیانەی تیرۆركران، رەئوف ئاكرەیی بوو، كە لە ڕۆژی ٢٦ی گوڵانی ١٩٩٣ لە شاری دهۆك و لە نزیك ماڵەكەی خۆی تیرۆركرا.

بەشێك لەو كەسایەتیانەی تری شەپۆلی تیرۆرەكەی ساڵی ١٩٩٣ی ناوچەی بادینان، كە دوای تیرۆری رەئوف ئاكرەیی ڕوویدا، بێ ئەوەی تا ئیستاش هیچ لێكۆڵینەوەیەك لە دۆسیەكانیان بكرێت و تاوانباران ئاشكرا بكرێن، فرانسیس یوسف تۆما لە بزوتنەوەی ئاشوری، لازار میخۆ حەننا ئەندامی‌ هەرێمی‌ كوردستانی‌ حیزبی‌ شیوعی‌ عێراق، قەیس محەمەد ئەحمەد ناسراو بە رێناس لێپرسراوی‌ لقی‌ دهۆكی‌ حیزبی‌ زەحمەتكێشانی‌ كوردستان، نەزیر عومەر ناسراو بە ئارام هەڵسوڕاوی‌ بزوتنەوەی‌ كرێكاری‌ و سۆسیالیستی‌ و ئەندامی‌ لیژنەی‌ بێكاران لە بادینان لە نزیك شاری‌ دهۆك رفێنرا و دواتر تەرمەكەی‌ بە سوتێنراوی و فڕێدراوی دۆزرایە.

جێی ئاماژەیە دوای راپەرینی باشوری كوردستان لە ساڵی ١٩٩١ەوە تا ئێستا بەدەیان كەسایەتی تێكۆشەر و ئازادیخواز و ڕۆژنامەنووس، بەهۆی بیروڕای جیاوازەوە لە باشوری كوردستان تیرۆركراون و دۆسییەكانیان تا ئێستا بە كراوەیی ماوەتەوە, هەڕشە و ترس هێشتا لەسەر تێكۆشەر و ئازادیخواز و ڕۆژنامەنووس بەردوامە.

Start a discussion with Rauf Akreye

Start a discussion